پسوولەی خۆراکی هەولێر: گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە سنووری ماددەی 140 راگیراوە
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشکرای دەکات، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گواستنەوەی پسوولەی خۆراک لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 تا کاتێکی نادیار راگیراوە، هاوکات شێوازی گواستنەوە لە شارەکانی دیکەی عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستان روون دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند "بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، گواستنەوەی فۆڕمی خۆراکی هاووڵاتییان لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 تا کاتێکی نادیار راگیراوە و چاوەڕێین، هەرکاتێک رێنمایی نوێ دەربچێت، هاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکەینەوە."
سیامەند قادر گوتیشی "ئەم راگرتنە تەواوی خێزانەکان دەگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە کارایە؛ بۆ نموونە ئەگەر پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکدا بکات کە دانیشتووی سنووری ماددەی 140 بێت، دەتوانێت داوای گواستنەوەی ناوی هاوسەرەکەی بکات."
سەبارەت بە گواستنەوەی پسوولەی خۆراک لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ هەولێر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندیی "لارینەبوون" هەیە و دەبێت لە نێو سیستەمەکەدا سکان بكرێت.
گوتیشی "لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی بازرگانی، ناوخۆ و پارێزگای هەولێر پێکهاتووە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر لارینەبوونەکان بدەن. لە ئێستاشدا داواکارییەکی زۆر لەسەر سیستەمەکە هەیە، بەتایبەت لە پارێزگای ئەنبارەوە کە نزیکەی هەزار داواکاریی گواستنەوەی پسوولەی خۆراک بۆ هەولێر تۆمارکراوە."
دەربارەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، سیامەند قادر رایگەیاند، گواستنەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەرێم زۆر ئاسانە و پێویستی بە رەزامەندیی "لارینەبوون" نییە؛ تەنیا مەرج ئەوەیە کە هاووڵاتییەکە کارتی زانیاریی ئەو شوێنەی هەبێت کە دەیەوێت پسوولەکەی بۆ بگوازێتەوە.