واشنتن 18 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ دۆزینەوەی دوو سەرکردەی باڵای لقی خوراسانی داعش دیاری دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاداشتێکی دارایی بە بڕی 18 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لەسەر دوو سەرکردەی باڵا و مەترسیداری لقی خوراسانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیاند.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، تۆد ویلکۆکس، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی دیپلۆماسی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد کە بەرنامەی پاداشت لەپێناو دادپەروەری، پاداشتی دارایی و دەرفەتی گواستنەوە و نیشتەجێکردنەوە لە شوێنێکی پارێزراو پێشکەش بە هەر کەسێک دەکات کە زانیاریی پشتڕاستکراو لەسەر سەرکردەکانی داعش - لقی خوراسان (ISIS-K) ئاشکرا بکات.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، پاداشتێک تاوەکو 10 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر سەرکردەیەکی سەرەکیی داعش بە ناوی عوبەیدوڵڵا کە بە (سەڵاحەددین یان مەولەوی ڕەجەب)یش ناسراوە. ناوبراو رۆڵی سەرەکی هەیە لە بەڕێوەبردنی چالاکییە داراییەکان، داڕشتنی پلانی هێرشەکان و فەرماندەییکردنی ئەو گرووپانەی کە پەلامارە تیرۆریستییەکان جێبەجێ دەکەن.

هاوکات، واشنتن پاداشتێکی دیکەی تاوەکو بڕی 8 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لەسەر سەنائوڵڵا غەفاری ناسراو بە (شەهاب ئەلموهاجیر)، ئەمیر و سەرکردەی گشتیی لقی خوراسانی داعش دیاری کردووە، کە بەرپرسیاری سەرەکییە لە پەسەندکردنی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رێکخراوەکە لە سەرانسەری ئەفغانستان و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارانی لقی خوراسانی داعش بەرپرسن لە کوشتنی سەدان هاووڵاتیی بێتاوان لە ئەفغانستان، پاکستان و رووسیا لە رێگەی ئەنجامدانی هێرشی خوێناوی بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکان، فڕۆکەخانە، هۆڵەکانی مۆسیقا و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان؛ جەختیشی کردەوە سەرجەم ئەو زانیارییانەی لە رێگەی هێڵە پارێزراوەکانی بەرنامەکەوە لە سیگناڵ، تێلیگرام و تۆڕی (Tor) پێشکەش دەکرێن، بەوپەڕی نهێنییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.