هاکان فیدان: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە هەنگاوێکی ئەرێنییە
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی راگەیەندراوەکەی دیمەشق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، راگەیەندراوەکە لە رووی ناوەڕۆکەوە ئەرێنییە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر لەسەر زەویش بە کردەیی جێبەجێ بکرێت، زۆر ئەرێنی تر دەبێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای بەشداریکردنی لە یادئاهەنگی 955ساڵەی سەرکەوتنی مەلازگرد و لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ئەلازیغ (خاربێت)، بۆ کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەو پارێزگایە لێدوانی دا و ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا بە شێوازێکی پیشەییانە و وریایانەوە چاودێریی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "ئەرکی ئێمە ئەوەیە بە پیشەییانە رەفتار بکەین و بپشکنین ئایا ئەم راگەیەندراوانە لەسەر زەوی رەنگدانەوەیان هەیە یان نا. ئەگەر بەو شێوەیە بێت کە دەگوترێت، ئەوا دەبێتە تەواوکاری ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە دەمانەوێت بیاننێین، هەروەها دەبێتە یەکێک لە گەورەترین خزمەتەکان بۆ بەهێزکردنی برایەتیی کورد و عەرەب لە سووریا و وا دەکات تەواوی سوورییەکان بە بڕوابەخۆبوونەوە بڕواننە داهاتوو."
سەبارەت بە دیدگای ئەنقەرە بۆ داهاتووی سووریا و پرسی کورد، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لە رەتکردنەوەی ئینکارکردنی ناسنامەی کورد کردەوە و گوتی "ئێمە لێرەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ناسنامەی کورد بپاریزرێت و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لە ناسنامەی کورد نەکرێت، لە هەمان کاتدا دەبێت سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریاش بپارێزرێت. ئێمەش دەمانەوێت لەسەر زەوی ئەمە ببێنین."
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: ئەمڕۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین؛ دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی وڵات.»
فەرماندەی هەسەدە بە رێزەوە یادی قوربانیدانی شەهیدانی بەرز راگرت و ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕڤانان بۆ خودی شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو هاتنی رۆژێکدا بووە کە چیتر هیچ سوورییەک پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایک (زمانی کوردی) یەکێکە لە مافە بنەڕەتییە دەستەبەرکراوەکان، هەروەها هەوڵەکان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە ساڵی نوێدا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناخەکانی داهاتوو.
مەزڵووم عەبدی پەیامێکی ئاراستەی تەواوی پێکهاتەکانی وڵات، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و تورکمان کرد و دووپاتی کردەوە: سووریا وڵاتی هەمووانە؛ هەروەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە پاراستمان و قوربانیمان بۆ دا، بە هەمان گیانی هاوبەشی و پێکەوەیی داهاتوویەکی ئازاد، رووناک و پڕ لە ئاشتی بۆ بنیات دەنێین.