سەباح نوعمان: هێزەکانی ئەڵمانیا بە تەواوی لە هەولێر کشاوەنەتەوە

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە خێرایی و بەپێی خشتەی دیاریکراو بەرەو وادەی کۆتایی لە 30ـی ئەیلوولدا بەڕێوەدەچێت، هاوکات کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەڵمانیای لە هەولێر و رادەستکردنەوەی بنکەکانیانی بە هێزەکانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی فڕۆکەخانە ئاشکرا کرد.

چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ واع رایگەیاند، هێزەکانی ئەڵمانیا بە تەواوەتی لە هەولێر کشاوەنەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێزانە لە دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014ـەوە بەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانان بوون و ئەرکیان مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە، دابینکردنی چەک و ئەنجامدانی گەشتی چاودێریی ئاسمانی بووە، و پرۆسەی کشانەوەکەشیان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو بنکە و پێگانەی لە لایەن سەربازانی ئەڵمانیاوە بەکارهێنرابوون، سەباح نوعمان روونیکردەوە کە ئەو شوێنانەی لەناو فڕۆکەخانەی هەولێردا بوون رادەستی دەسەڵاتی فڕۆکەخانە کراونەتەوە، هاوکات بنکە سەربازییەکانی دیکەش ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کراون، هاوشێوەی ئەزموونی رادەستکردنەوەی بنکەکانی عەین ئەسەد و بەلەد بە وەزارەتی بەرگریی عێراق دوای تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانان تیایاندا.

دەربارەی شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە دوای 30ی ئەیلوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد کە بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە بۆ داڕشتنی میکانیزمی پەیوەندیی داهاتوو، جەختیشی کردەوە کە ئەم هاوبەشییە لەسەر بنەمای هەماهەنگیی بەردەوام دەبێت لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و پرۆگرامەکانی پڕچەککردندا.

دوێنێ سێشەممە، لە کامپی ستیڤان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر،مەراسیمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی راوێژکارانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.