کونسوڵی گشتیی رووسیا بۆ کوردستان24: رۆڵی هەرێمی کوردستان ستراتیژییە

کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا ئەرێنی و ستراتیژییە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا شاندێکی بازرگانانی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

ماکسیم رۆبن، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و رۆڵی سەرکردایەتییەکەی زۆر ئەرێنییە، دەتوانم بڵێم نەک هەر ئەرێنییە بەڵکو ستراتیژیشە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوروبەریدا، کونسوڵی رووسیا گوتی "باوەڕی تەواوم هەیە کە لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دروست نەبووە."

دەربارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان، ماکسیم رۆبن ئاماژەی بە ئاستی بەرزی هەماهەنگیی هەردوولا لە کەرتی وزەدا کرد و رایگەیاند "لە بواری وزەدا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و کۆمپانیا گەورەکانی وەک (ڕووس نەفت) و (گازپرۆم) لە کوردستان کار دەکەن، هەروەها بە هاوبەشی بۆری نەوتی کوردستانیشمان راکێشاوە."

کونسوڵی گشتیی رووسیا ئاشکراشی کرد کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، گرووپێک لە بازرگانانی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی کلتووریدا، ماکسیم رۆبن رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان "شەوی سینەمای ڕووسیا"یان لە هەولێری پایتەخت کردووەتەوە.

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا روونی کردەوە کە کردنەوەی ئەم چالاکییە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی سینەمای رووسیا، کە ساڵانە لە 27ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت و لە چوارچێوەی چالاکییەکەشدا چەندین فیلمی رووسی نمایش دەکرێن.