نێچیرڤان بارزانی: رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە وەرچەرخانێکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازیی لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە پێشهاتێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتە، هاوکات داوای لە تەواوی لایەنە کوردییەکان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرد بەشداری لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بکەن.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەم کە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیاندا بەدەستهاتووە؛ ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخان و پێشهاتێکی گرنگ دەزانم بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر رۆڵی سەرکردایەتیی هەردوولا و دەڵێت: پێزانینێکی زۆرم بۆ دیدگای ژیرانەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و هەڵوێستی بەرپرسیارانەی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و سەرکردایەتیکردنی سووریا بەرەو ئایندەیەکی باشتر، هەروەها بە رێزەوە لە رۆڵ و هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەڕوانم لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای داواکردن لە لایەنە کوردییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئەم هەنگاوانە، جەختی کردووەتەوە: چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەم پرۆسەیەین بە جۆرێک کە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە سووریا، کە تێیدا مافی سەرجەم هاووڵاتییان و تەواوی پێکهاتەکانی وڵات پارێزراو بێت و سووریا بەرەو ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری، بوژانەوە و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت.
رۆژی سێشەممە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان راگەیاند.