چوار لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەی ئاشتی پێکدەهێنرێن
تورکیا چوار لیژنەی تایبەت بە هەماهەنگیی دادوەری، بەدواداچوون، تەواوکاریی کۆمەڵایەتی و چەکداماڵینی ستراتیژی لەژێر چاودێریی جێگری سەرۆککۆماردا پێکهێنا.
چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی تورکیا، کە بە پێی یاسای "بەهێزکردنی هاوسۆزیی نیشتمانی و تەواوکاریی کۆمەڵایەتی" دامەزراوە، بڕیاری دا بە پێکهێنانی چوار لیژنەی لاوەکی بۆ بەدواداچوون و هەماهەنگی لە کارەکانی پڕۆسەی ئاشتی، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا هات کە بە سەرۆکایەتی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو.
بە پێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنەکە، یەکەمین کۆبوونەوە بە بەشداریی هەر یەک لە: ئەکین گۆرلەک، وەزیری داد، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)، حەقی سۆسماز سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئۆکای مەمیش، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو رێڕەوە مێژووییەی کە بە دیدگای رزگارکردنی تەواوەتی وڵات و ناوچەکەمان لە تێرۆر، بنبڕکردنی یەکجاریی توندوتیژی، چەک، و چەسپاندنی کەشوهەوای برایەتی بەڕێوەدەچێت، قۆناخێکی گرنگی بڕیوە بە پەسەندکردنی یاسای ژمارە 7595 بۆ بەهێزکردنی هاوسۆزیی نیشتمانی و تەواوکاریی کۆمەڵایەتی لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلەکەمان دەکات و سازانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرفراوانی لەسەرە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، یاسای ژمارە 7595 بنەمای یاسایی ئەم رێڕەوە پێکدەهێنێت، کە ئاشتیی ناوخۆیی و تەواوکاریی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بەهێزتر دەکات وەک یەکێک لە گرنگترین پایەکانی دیدگای "سەدەی تورکیا" و، لە هەمان کاتدا ناوچەکە دەگۆڕێت بۆ نوایەکی ئارام و پڕ لە سەقامگیری لە دژی نائارامییە فرەڕەهەندەکانی سەر سنوور. دوای چوونە واری جێبەجێکردنی یاساکە لە 18ـی ئابی ئەمساڵەوە، میکانیزمە کارگێڕییەکان بە خێرایی کەوتوونەتە کار.
چوار لیژنەی لاوەکی:
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر شێوازی کارکردنی ئەنجوومەنەکە و رێکخستنی کارەکان لە بەرزترین ئاستدا لە نێوان سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرا، شانبەشانی تاوتوێکردنی ئەو بنەما و رێکارانەی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەنجوومەنەکەدا پەیڕەو دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا بڕیار درا بە پێکهێنانی چوار لیژنەی لاوەکی کە ئەمانەن:
-لیژنەی لاوەکی بۆ هەماهەنگی کاروباری دادوەری و یاسایی.
-لیژنەی لاوەکی بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردن.
-لیژنەی لاوەکی بۆ سازان و تەواوکاریی کۆمەڵایەتی.
-لیژنەی لاوەکی بۆ چەکداماڵین و هەماهەنگی ستراتیژی.