کۆڕەک تیلیکۆم: بەردەوام دەبین و هاوبەشەکانمان دڵنیا دەکەینەوە
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە رێگەی کوردستان24ـەوە دڵنیایی دەداتە هاوبەشەکانی کە لە کارو چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، دادگای بەرایی رەسافە دوای تێپەڕبوونی یەک رۆژ لە بڕیارە وەلائیەکەی لە بارەی هەڵپەساردنی سکاڵاکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم؛ لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تایبەت بە کوردستان24ی رایگەیاند "بەشداربوانمان دڵنیا دەکەینەوە ئەمجۆرە بڕیارانە کاریگەری لەسەر کارکردنی کۆڕەک تیلیکۆم ناکەن و لە چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین".
یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 19:00ی کوردستان24 رایگەیاندبوو ئەو رێکار و فشارانەی لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقەوە لەسەر کۆڕەک پەیڕەو دەکرێن سیاسیین نەک دارایی.
گوتیشی: لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکان کە هێڵی پەیوەندیی ملیۆنان کەسی بەدەستەوە بێت دابخرێت؛ ئەوەی دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەرامبەر کۆڕەک دەیکات زوڵمێکی روونە و بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە.
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژەشی دابوو، "کێشەی بەرامبەر کۆڕەک کێشەی دارایی نییە، بەڵکو عێراق خۆی قەرزاری ئێمەیە. بابەتەکە بە تەواوی سیاسییە و دەسەڵاتی باڵای یاسایی عێراقیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاسا لە بەرژەوەندی کۆڕەک بڕیار دەدات چونکە ماف لەلای ئێمەیە، بەڵام بڕیارەکان ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە." ئاماژەی بەوەش دا، ناچنە ژێر باری ئەو فشارە سیاسییانە چونکە داواکارییەکان رەوا نین و دەستەی پەیوەندییەکان هەر رۆژە و بیانوویەک دەگرێت بۆ ئەوەی ئیرادەیان تەسلیم ببێت.