قالیباف: هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ چین پێویستی بە مۆڵەتی هیچ لایەنێک نییە
وەزارەتی دەرەوەی چین دژایەتیی توندی خۆی بۆ سزاکانی ئەمریکا دژ بە ئێران راگەیاند و جەختی کردەوە کە شەڕی ئابووری چارەسەری قەیرانەکان ناکات، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێشوازی لە هەڵوێستەکەی بەیژینگ کرد و رایگەیاند کە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان چین و ئێران پێویستی بە مۆڵەتی هیچ لایەنێک نییە.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا پێشوازی لە هەڵوێستی چین کرد لە رەتکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا و رایگەیاند: هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیری نێوان ئێران و چین لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە، هاوکاریی هاوبەش و دیدگای هاوبەش بۆ بنیاتنانی جیهانێکی فرەجەمسەر دامەزراوە؛ ئەم پەیوەندییەش پێویستی بە مۆڵەتی هیچ لایەنێک نییە.
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەبارەت بە هەڵمەتی نوێی ئابووریی ئەمریکا دژ بە ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە توندی دژی ئەو سزایانەیە کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتییان نییە و لە دەرەوەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەپێندرێن.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی ئابووری و سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار تەنیا دەبێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان و تێکدانی سیستەمی دارایی و ئابووریی جیهان، و جەختی کردەوە دیالۆگ و دانوستان تاکە رێگەی دروستە بۆ چارەسەری کێشەکان.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەشی خستەڕوو کە هاوکارییەکانی نێوان بەیژینگ و تاران لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەدەچێت، و وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی.
رۆژی دووشەممە. بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە دەستپێکردنی گەورەترین و توندترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران راگەیاندبوو. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سزای گشتگیر بەسەر پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووری و نزیکەی 60 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتیی کەشتیگەلی سێبەری نەوت، تۆڕەکانی کڕینی تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، مووشەک و گرووپە هاککەرەکاندا سەپێنرا.