گرۆسی: پێشکەوتن لە دانوستانەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا هەیە
"ئێران هێشتا خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە"
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئێران بە دی هاتووە، ئەمەش بەهۆی گفتوگۆ و نێوەندگیری شاندە ئەمریکییەکان.
چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێشکەوتنی بەرچاو و بەرجەستە لە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دی هاتووە.
گرۆسی روونی کردەوە، ئەم پێشکەوتنە لە رێگەی ئەو پەیوەندی و گفتوگۆیانەوە هاتووەتە ئاراوە کە لە نێوان نێردراوە تایبەتەکانی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، لەگەڵ نوێنەرانی ئێراندا ئەنجامدراون.
گرۆسی رایگەیاند: "پێموایە ئێمە سەرکەوتوو بووین لە دەستنیشانکردنی ئەو بابەت و بوارانەی کە پێکەوە کاریان لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی کاتێک کاتی گونجاو هات، بتوانین ئەم لاپەڕەیە دابخەین."
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جەختیشی کردەوە کە ئێران هێشتا خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزە.
لە لایەکی دیکەوە، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: "کە وڵاتەکەی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی مەدەنی بەدوور نازانێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتوبووی: هەر جۆرە پشکنینێک بۆ ئەو ناوەندە ئەتۆمییانەی کە رووبەڕووی هێرشی سەربازی بوونەتەوە، پێویستی بە رەزامەندی یاسایی پەرلەمانی وڵاتەکەی و داڕشتنی پرۆتۆکۆڵی ئەمنیی تایبەت هەیە.