شارەوانییەکانی هەڵەبجە: باشترین زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەدەین
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەڵەبجە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر، خانەنشین، کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، خێڵان عەبدوڵرەحمان، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند "لە سنووری شارەوانییەکانمان چوار هەزار فەرمانبەر سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، کە هاوکات پرۆسەکە فەرمانبەرانی خانەنشینیش دەگرێتەوە."
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش دا، دوای بەڕێوەچوونی دابەشکردنی قۆناخی یەکەمی زەوی لە سنوورەکەیان، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەبچێت. گوتیشی "لە چوارچێوەی ئەم قۆناخەدا، لە شارەوانیی سیروان 600 پارچە زەوی و لە بەمۆش 57 پارچە زەوی دابەش دەکرێن."
دەربارەی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خێلان عەبدوڵرەحمان باسی لەوە کرد، لیستەکە ناوی 146 کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان، هەروەها 156 زیندانیی سیاسی لەخۆ گرتووە.
هاوكات بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەڵەبجە ئاشکرای کرد "ئەگەر کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پەلەیان نەبێت، هەوڵدەدەین باشترین شوێن و زەوییان پێبدەین؛ ئەگەرنا، لەگەڵ قۆناخێکی دیکەی راگەیەندراودا ئەوانیش لەگەڵ فەرمانبەراندا سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی."
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.