لە گەرووی هورمز هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، رایگەیاند؛ کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز پێکراوە و بەهۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە.

دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، پاش رووداوەکە تیمەکانی سەر کەشتییەکە توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکەش سەلامەتن. هاوکات هیچ زیانێکی ژینگەیی بەهۆی هێرشەکەوە نەکەوتووەتەوە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان. پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، نزیکەی 1/5ـی پێداویستییەکانی نەوت و گازی جیهانی لەو گەرووەوە دەگوازرایەوە، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچەیەدا بەردەوام دەکرێنە ئامانج.

 لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی رابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دوو جار گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگرتنی تەقەکردن و گەرەنتی کردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی. سەرەڕای ئەمەش، هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیانهێنا و ململانێی نێوان هەردوو وڵات کە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە، هێشتا بێ چارەسەر ماوەتەوە.