مەرجەعییەتی باڵای ئاینی لە بەسڕە: گرووپە چەکدارەکانی عێراق گوێڕایەڵی مەرجەعییەت نین

نوێنەری مەرجەعییەتی باڵای ئاینی لە بەسڕە، رەخنەی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت ئەو گرووپانە نە پابەندی فەرمانەکانی مەرجەعییەتن و نە گوێڕایەڵی رێنماییەکانی دەوڵەت دەبن.

 مەزهەر ناجی، نوێنەری مەرجەعییەتی باڵای ئاینی لە بەسڕە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە ئەو گرووپانە هیچ جۆرە شەرعییەتێکیان نییە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکەن. ئەو بەرپرسە رەتیکردەوە ئەو گرووپانە بچوێنرێن بە حەشدی شەعبی و روونیکردەوە پێکهاتە و سروشتی حەشد جیاوازە لەو گرووپانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کار دەکەن، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند حکوومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چەک لە دەستی دەوڵەت بەردەوامە. عەبوودی ئاشکرای کرد 30ـی ئەیلوولی داهاتوو وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە دیاریکراوە بۆ دەستپێکردنی قۆناخبەندی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەکەکان.

گوتەبێژی حکوومەت روونیکردەوە ئەم هەنگاوە بەشێکی سەرەکییە لە کارنامەی حکوومەت بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن جەختی لەسەر جددییەتی ئەم بڕیارە کردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێستا لەگەڵ پێنج گرووپی چەکدار لە گفتوگۆدایە بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان، کە بریتین لە: جوڵانەوەی نوجەبا، کەتائیب سەیدولشوهەدا، کەتائیب حزبوڵڵای عێراقی، سەرایا ئەولیا دەم و ئەسحابولکەهف.

سەرەڕای ئەمەش، سێ لە گرووپە چەکدارە گەورەکانی وڵات کە پێکهاتوون لە سەرایا سەلام بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر، عەسائیب ئەهلولحەق و کەتائیب ئیمام عەلی بە رێبەرایەتی شەبل زەیدی، ماوەیەک لەمەوبەر چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووە و تێکەڵبوونی خۆیان بە کاری مەدەنی راگەیاندووە.