واشنتن گرووپێکی تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرووپێکی تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە ئیتاڵیایە بەناوی A/I Collective خستە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵییان پێشکەش بە رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان و گرووپە توندڕەوەکان کردووە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، A/I Collective نوێنەرایەتی چەپی توندڕەو دەکات. روبیۆ روونیکردەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئەم گرووپە لەلایەن چەکدارانی ئەنتینا بەکاردەهێنرێن، کە وەک توندوتیژترین گرووپی ناوخۆیی ئەمریکا پۆلێن کراون.
بەگوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو گرووپە ئیمەیڵ، چاتی کۆدکراو، میوانداریکردنی ماڵپەڕ، کۆنفرانسی ڤیدیۆیی و ئامرازەکانی شاردنەوەی ناسنامەی بۆ گرووپەکان دابین کردووە. ئەم ئامرازانە بۆ رێکخستنی چالاکییەکان، راکێشانی ئەندامی نوێ، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و گۆڕینەوەی زانیاری بۆ هێرشکردن بەکارهێنراون.
لە یاداشتەکەدا هاتووە، گرووپی رۆز سیتی ئەنتینا لە پۆرتلاند، خزمەتگوزارییەکانی ئەم تۆڕەی بۆ هاندانی توندوتیژی بەکارهێناوە. لە یەکێک لە رووداوەکاندا، داوا کراوە ئامێری لەیزەر دژی هەلیکۆپتەرەکانی پاسەوانی سنووری ئەمریکا بەکاربهێنرێت، کە دواتر کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
هەروەها گرووپی جینز ریڤێنج تۆمەتبار کراوە بەوەی پلاتفۆرمەکەی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری کەسیی فەرمانبەرانی کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا و هاندانی هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان بەکارهێناوە. ئەم گرووپە بەرپرسیارێتی خۆی لە سووتاندنی سەنتەرێکی دووگیانی لە ویلایەتی ویسکۆنسێن لە ساڵی 2022 راگەیاندووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ژێرخانی دیجیتاڵی ئەم گرووپە لەلایەن رێکخراوەکانی وەک حەماس، حزبوڵڵا، سوپای پاسدارانی ئێران، و بەرەی جەماوەری بۆ رزگارکردنی فەڵەستین بەکارهێنراوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و بانگەواز بۆ چالاکی توندوتیژانە.
هاوکات لە ئەوروپا، توندڕەوەکانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا هەمان خزمەتگوزارییان بۆ راگەیاندنی بەرپرسیارێتی لە هێرشکردنە سەر هێڵەکانی شەمەندەفەر و بۆرییەکانی گواستنەوەی وزە بەکارهێناوە.
بەهۆی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەوە، سەرجەم داراییەکانی ئەم گرووپە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا دەستیان بەسەردا دەگیرێت و مامەڵەکردنی هاووڵاتیان و دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا لەگەڵیاندا قەدەخە دەکرێت.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە ئەمریکا گوتی: تیرۆری سیاسی هیچ شوێنێکی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نییە و واشنتن هەموو ئامرازە ئابوورییەکانی دژی توندڕەوەکان و ئەو لایەنانەی هاوکارییان دەکەن بەکاردەهێنێت.