بەهۆی لافاوەوە لە نیپاڵ 157 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی لافاوەکەی نیپال سەدان گەشتیاریش بێسەروشوێنن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بەهۆی لافاو و هەرەسی زەوی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تیبتی چین، 165 کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی بێسەروشوێنبووان لەو ناوچانە بەهۆی کارەساتەکەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ژمارەی بێسەروشوێنبووان گەیشتووەتە 1300 کەس.

تەلەڤزیۆنی فەرمی چین رایگەیاند، تەنیا لە دەروازەی سنووری گییرۆنگ لە ناوچەی شیگاتسی، 558 کەس بێسەروشوێنن کە 260 کەسیان هاووڵاتیی بیانین. لەو ناوچەیە تا ئێستا گیانلەدەستدانی سێ کەس پشتڕاستکراوەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان.

ئاژانسی شینخوا ئاشکرایکرد، هەرەسی زەوییەکە دوێنێ چوارشەممە 26ـی ئاب لە دیوی نیپاڵەوە دەستیپێکردووە و دواتر بە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی تیبتدا بڵاوبووەتەوە.

لە دیوی نیپاڵ، لافاو زیانی گەورەی بە ناوچەکانی راسوا، نواکۆت و دادینگ گەیاندووە و بووەتە هۆی رووخانی ماڵ، پرد و تێکچوونی رێگاوبانەکان. تیمەکانی فریاگوزاری بەهۆی پچڕانی کارەبا و هێڵەکانی پەیوەندی و تێکچوونی رێگا شاخاوییەکان، بە زەحمەت دەگەنە ناوچە زیانلێکەوتووەکان. حکوومەتی نیپاڵ هێزەکانی سوپا و پۆلیسی راسپاردووە تا بە هێلیکۆپتەر و کەرەستەی پێویستەوە هەوڵی دۆزینەوەی رزگاربووان بدەن.

پسپۆڕان پێیان وایە ئەگەری هەیە بارستەیەکی گەورەی سەهۆڵبەندان و بەرد لە ناوچە بەرزەکانی نزیک سنووری تیبەت داڕمابێت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ئاو و قوڕ و پاشماوەکان.

دەسەڵاتدارانی نیپاڵ هۆشدارییان داوەتە دانیشتووانی نزیک رووبارەکان کە لە رێڕەوی ئاوەکە دووربکەونەوە و روو لە ناوچە بەرزەکان بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکان بەردەوامن و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان لە قۆناخی سەرەتاییدایە.