باڵیۆزی ئێران لە ئەڵمانیا: سزاکانی ئەمریکا شکستیان هێناوە

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەڵمانیا، بە ئاماژەدان بە شکستی سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری ئەمریکا، رایگەیاند گەڕی نوێی سزاکانی واشنتن چارەنووسیان هەر شکست دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، مەجید نیلی ئەحمەدئابادی، باڵیۆزی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "سەرکەوتن بەشێکە لە یادەوەریی مێژوویی ئەوروپا، نەک ناوێک بۆ رازاندنەوەی جەنگێکی ئابووری کە لە بنەڕەتدا شکستی هێناوە."

ئەحمەدئابادی گوتی: "رەنگە سەرکەوتنی ئابووری بۆ هەندێک وڵات بە واتای تەسلیمبوون بێت، بەڵام بۆ ئێران وانییە. 47 ساڵ فشار، سزا و تیرۆری ئابووری نەیتوانی ئێران بە چۆکدا بهێنێت، تەنانەت دەستدرێژییە سەربازییەکانی حوزەیرانی 2025 و شوباتی 2026ـیش نەیانتوانی ئەو ئامانجە بپێکن."

باڵیۆزی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، شەڕخوازانی ئەمریکا و ئیسرائیل رەنگە بتوانن ناوی سەرکەوتن لە فشارە ئابوورییەکانیان بنێن و هاشتاگی بۆ دروست بکەن، بەڵام ناتوانن شکستی خۆیان لە پشت گۆڕینی ناوەکانەوە بشارنەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، ئەحمەدئابادی هەڵوێستی ژمارەیەک میدیای ئەڵمانیای خستووەتە بەرچاو کە رەخنە لە کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران دەگرن. لەو چوارچێوەیەدا، گۆڤاری دێر شپیگڵ جەنگی دژ بە ئێرانی بە کارەسات وەسف کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئێران باسی هەڵوێستەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد. عێراقچی پێشتر پەرەپێدانی جەنگی ئابووریی ئەمریکای دژ بە تارانی بە تیرۆری ئابووری ناوبردبوو و هۆشداری دابوو، ئەو جۆرە سیاسەتانە هەڕەشەن بۆ سەر ئابووریی جیهانی و سەروەریی وڵاتانی سەربەخۆ.