دەم پارتی رۆڵی ئۆجەلان لە چەکداناندا ئاشکرادەکات

"پێویستە رێگە بە ئۆجەلان بدرێت قسە بکات"

عەبدوڵڵا ئۆجەلان
عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دەم پارتی پێداگری لەسەر رۆڵی فەرمیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رەوتی چەکدانان و لێژنەکانی چاودێریدا دەکات، هاوکات دەنگۆی هەبوونی پەیوەندیی نهێنی لەنێوان ئیمراڵی و قەندیل رەتدەکاتەوە.

میتحەت سانجار و گوڵتان کشاناک؛ ئەندامانی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی؛ تەواوی ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە کە باس لە بوونی لێکتێگەیشتن یان تۆماری دزەپێکراوی کاتیی نێوان ئیمراڵی و قەندیل دەکەن.

ئەو دوو ئەندامی شاندەکە جەختیان لەوە کردەوە تاوەکو ئێستا هیچ دیدارێکی لەو شێوەیە نەبووە، بەڵام بۆ بەردەوامیی هەنگاوەکان پێویستە کەناڵەکانی پەیوەندیی فەرمی بەڕووی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بکرێنەوە.

ئەو دوو ئەندامە ئاماژەیان بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان رۆڵێکی دامەزراوەیی و فەرمی لە لێژنە لاوەکییەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنیدا هەبێت، هاوکات داوایان کرد پرسی ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی و نەخۆش چیتر دوانەخرێت.

یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رۆژی 10ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە ئامادەن چەک دابنێن.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان پێویستە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.

 دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد. لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی کرد.