نووسراوی بە هەمیشەیکردنی مامۆستایانی گرێبەست ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ دەکرێت
نووسراوی بە هەمەیشەیی کردنی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی عێراق هاوپێچ دەکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.
سەرجاوەیەک بە کوردستان24 گوتووە، دوای ئەوەی نووسراوێک بۆ بە هەمیشەیکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە عێراق لەلایەن لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا و لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان نەکرابوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی چەند پەرلەمانتارێک نووسراوێکی تایبەت بەهەمیشەیکردنی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووسراوی تایبەت بە مامۆستایانی گرێبەستی عێراق هاوپێچ کراوە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە، بە هەمیشەکردن و دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بەستراوەتەوە و دەبێت تاوەکو بودجە پەسەند دەکرێت چاوەڕێ بکەن، بڕیاریشە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان هەوڵەکان بۆ بە هەمیشەیکردنی مامۆستایانی گرێبەست و گەڕاندنەوەی وانەبێژانی دوورخراو چڕکراونەتەوە، بەڵام هەموو ئومێدەکان بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەستراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هەن. لەم ژمارەیە زیاتر لە 37 هەزاریان سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و چوار هەزاریشیان سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین. هاوکات دوو هەزار مامۆستای وانەبێژیش هەن و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.