ئیدارەی راپەڕین دەنگۆی قەدەخەکردنی گەشت رەتدەکاتەوە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵانەی باس لە قەدەخەکردنی گەشتی دەرەوە بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دەکەن دوورن لە راستییەوە؛ ئاشکراشی دەکات کە رێکارە نوێیەکان تەنیا تایبەتن بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، ئەویش بەهۆی بوونی چەند دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە رێگریی لە گەشتکردنی هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ دەرەوەی وڵات، هیچ بنەمایەکیان نییە. گوتیشی: "هاووڵاتییان هاوشێوەی رابردوو دەتوانن گەشت بکەن و هیچ رێگرییەکیان لەبەردەمدا نییە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین روونی کردەوە، ئەوان وەک ئیدارەکە نووسراوێکیان بۆ فەرمانگەکانی سنوورەکە گشتاندووە و تێیدا داواکراوە تەنیا بەڕێوەبەر و کەسی یەکەمی فەرمانگەکان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوە، ئیدارەی راپەڕین و دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ بەرپرسانی فەرمانگەکان، هیوا قەرەنی ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەکاندا هەن، بۆیە پێویستە بەرپرسانی یەکەم ئاگاداری ئیدارەکە بن بۆ ئەوەی گەشتەکانیان نەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم رەوتی لێکۆڵینەوەکان و دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، هیوا قەرەنی دووپاتی کردەوە کە ئەم رێکارە کارگێڕییە تەنیا پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکانەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک گەشتی ئاسایی هاونیشتمانیان و دانیشتووانی سنووری ئیدارەی راپەڕین ناگرێتەوە.