ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەچێتە بەغدا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بۆ تاوتوێکردن و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ کێشەی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێمی کوردستان.
سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانی ئەمڕۆی شاندەکە تایبەتە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لێژنە کاتییەی پەرلەمان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، شاندەکە پێکهاتووە لە بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتیی و گرێبەستی ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێری و دارایی و بەڕێوەبەری ورد بینی، تا لە رێگەی گفتوگۆوە رێگەچارەی گونجاو بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداویستییەکان بدۆزنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تێبینی و داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی سەبارەت بە پشکی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات. هاوکات لێژنەی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری دەکاتەوە و پێیوایە پێویستە ئەو ماف و پشکە سووتەمەنییانەی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دابین دەکرێن، بە هەمان شێوە و بێ جیاکاری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێن.