پاش یارییەکەی ئامەدسپۆر؛ "کیسە زەردەکان" لە ئیستانبوڵیش بیندران

لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوامن، بینرانی "کیسە زەردەکان" لە ئیستانبوڵ کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە و وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکان دەبینرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە تێیدا کۆمەڵێک "کیسەی زەرد" لە باڵکۆنی بینایەک لە ناوچەی باشاکشەهیری شاری ئیستانبوڵ هەڵواسراون، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سۆشیاڵ میدیای گرتەوە. ئەو کیسانە کە لەلایەن کرێکارانی بیناسازیی ناوچەکە وێنەیان گیراوە، وەک هەوڵێکی "ئاژاوەگێڕی" و تێکدانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا وەسف کران.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا و لە کاتی یاریی نێوان یانەی ئامەدسپۆر و کۆجائەلیسپۆر، رووداوێکی هاوشێوە روویدا و بەهۆیەوە 5 کەس لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سزادران. بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم دیمەنانە لەژێر پەردەی دژایەتی تیرۆر ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە راستیدا هێرشکردنە سەر کوردان و تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەیە کە بۆ ئاشتی دروست بووە.

چاودێران و لایەنە کوردییەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەڵێن، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە گێچەڵییانە لەم کاتەدا، کە تورکیا بە قۆناغێکی مێژووییدا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان تێدەپەڕێت، نیشانەی ئەوەیە لایەنێک دەیەوێت رێگری لە هەر هەنگاوێکی ئاشتییانە و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بگرێت.