سەباح نوعمان: هێزە چەکدارەکانی عێراق توانای پاراستنی سەروەریی عێراقیان هەیە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی دێت، جەختیشی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتیان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 2026، سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکان دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بەپێی رێککەوتنێکی پیشەییانە و دوور لە لایەنی سیاسی یان هەر رێگرییەکی دیکە ئەنجام دەدرێت، کە کۆمەڵێک لیژنەی ئەمنی و دەزگا جیاوازەکان کاریان لەسەر کردووە.
سەباح نوعمان گوتی: "هێزەکان وردە وردە لە بنکەکانیان دەکشێنەوە و ئەم پڕۆسەیە تاوەکو 30ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، کە ئەو رۆژە وەک رۆژی سەروەریی عێراق و رۆژێکی نیشتمانی دیاریکراوە." راشیگەیاند، عێراق چاوەڕوان دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی درێژخایەنی دووقۆڵی کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هێزە ئەمنییەکان توانای خۆیان سەلماندووە و دەتوانن ئاسایش و سەروەریی عێراق بپارێزن. باسی لەوەش کرد کە حکوومەت رژدە لەسەر رێکخستنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا و گوتی: "ئەو چەکەی خاکی عێراقی لە تیرۆر رزگار کردووە، دەبێت تەنیا لەژێر چەتری یاسایی و شەرعیی دەوڵەتدا بمێنێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکی ستراتیژییان بۆ پتەوکردنی سیستمی بەرگری هەیە، کە پشت بە چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزەکان دەبەستێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی تاوانکاری بەر لەوەی رووبدات. هەروەها جەختی کردەوە کە هەماهەنگی لەنێوان تەواوی دەزگا ئەمنییەکان بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دیاردەی سەربازگەکردنی شەقامەکان بهێنرێت و ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن بپارێزرێت.