لە عێراق هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی سەر تۆڕی کارەبا بەڕێوەدەچێت
زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبای کەرکووک کەمبووەتەوە و رۆژانە نزیکەی 12 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەرێت.
محەمەد خالید، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی کارەبای کەرکووک بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دابینکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەوەش وایکردووە هەزاران مێگاوات کارەبا کەمبێتەوە و هەروەها لە سەدا 60 ـی کارەبای عێراق بەفیڕۆ بچێت.
گوتیشی، هەر بەوهۆییەوە 300 مێگاوات کارەبای کەرکووک کەمبووەتەوە و ئێستا 850 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن. بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی کارەبای کەرکووک، 100 ملیۆن مەترسێجا گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی کارەبای کەرکووک دابین دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو بڕە تەواو کەمبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دابین کردنی کارەبا هەیە، رۆژانە دەتوانن نزیکەی 12 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن و کاتەکانی دیکە لە رێگەی موەلیدەوە کارەبا دابین دەکرێت.
ئاشکراشی کرد، هەڵمەتێکی فراوان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای کەرکووک دەستیپێکردووە و لەو رێگەیەوە دەتواندرێت بەشێکی زۆری کارەبا بگەڕێندرێتەوە. گوتیشی، دەبێت ئامادەکاری بکەن، چونکە لە وەرزی زستان و سەرما خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە 400 موەلیدە لە کەرکووک هەن. مانگی رابردوو هەر لیترێک گاز بە 200 دینار بە خاوەن موەلیدەکان دراوە، لە کاتێکدا زۆرترین کارەبای شارەکە لە رێگەی موەلیدەکان دابین دەکرێت.