وەزارەتی نەوتی عێراق داواکارییەکی هەرێم بۆ دابینکردنی بەنزین رەت دەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە وەڵامی داواکارییەکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەتیکردەوە رۆژانە 15 هەزار بەرمیل بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند؛ وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی داواکارییەکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و  بەگوێرەی نووسراوە فەرمییەکە واژۆی وەزیری نەوتی لەسەرە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردبوو ئەو بڕە سووتەمەنییە بە هەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت. وەزارەتی نەوت لە وەڵامەکەیدا هۆکاری رەتکردنەوەکەی بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان و تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی سووتەمەنی گەڕاندووەتەوە.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، بەهۆی وەرزی گەرما و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی بەکاربردنی ناوخۆیی سووتەمەنی لە عێراق، کۆگای ستراتیژیی وڵات بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. بەهۆی ئەم دۆخەوە، بەغدا رایگەیاندووە ئێستا توانای ناردنی هیچ بڕە بەنزینێکی زیادەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە.

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزیی نرخی بەنزین و کەمیی بڕەکەیەوە رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە و چاوەڕێی هەنگاوی حکوومەتی فیدراڵ بوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

 

دەقی نووسراوەکە