سەعد مەعن: بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا کوژرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ لە بەغدا کوژراوە و ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی پۆلیسیش بریندار بوون.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند ئەو کەسەی تەقەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا کردووە، سەر بە گرووپە چەکدارەکانە، ئاماژەی بەوەش دا، تەقەکەرەکە لەسەر بانەوە تەقەی کردووە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا لە کەرخ، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی لابردنی سەرپێچییەکاندا کوژرا.
ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ئەمانەی بەغدا دوای دەرچوونی فەرمانی دادوەری، دەستی بە هەڵمەتی لابردنی سەرپێچییەکان 'زێدەرۆکان' لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا کرد.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتە و بەهۆی تەقەی راستەوخۆی یەکێک لە سەرپێچیکارەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا لە کەرخ کوژرا و ژمارەیەک کارمەندی دیکەی پۆلیسیش بریندار بوون.
لە لایەکی ترەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رووداوەکە لە ناوچەی دۆرە و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لە دەوروبەری ناوچەکانی دۆرە، کەڕارە و گەڕەکی دیجلە رووی داوە.
راشیگەیاند، کاتێک مەفرەزەکانی فەوجی پۆلیسی شارەوانیی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان لەگەڵ هێزەکانی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی عەرەب جەبوور، گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، رووبەڕووی تەقەکردنی راستەوخۆ بوونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ (کە پلەکەی عەمیدە) بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە، هاوکات کارمەندێکی دیکەش کوژراوە. جگە لەوانە، کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی، دوو کارمەندی پۆلیسی شارەوانی و کارمەندێکی تریش بریندار بوون.
لەسەر رێنمایی و بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، بە ئامادەبوونی مەیدانیی ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنییەکان، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر ناوچەکە و سەرجەم دەروازەکانیان داخستووە.
ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پشکنین و گەڕان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران دەستی پێکردووە و، شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، تا ئێستا گومانلێکراوێک دەستگیر کراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
هەروەها پۆلیسی بەغدا ئاشکرای کردووە، تەقەکەرەکان گرووپێک بوونە و سەرۆکی گرووپەکەیان کەسێکە بە ناوی 'سەعد عیساوی' دوای رووداوەکە هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.