هەولێر و بەغدا رێکارەکانی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران تووندتر دەکەن
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رێککەوتنیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان راگەیاند، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە هەڵاتنی گەندەڵکاران و نەهێشتنی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆیان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، ا سوپاسی پشتگیریی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردنیان کرد لە ئاستی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.
هەردوو دەستەکە پێداگرییان لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی رۆڵی دامەزراوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرتاسەری عێراق کردەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، نابێت جوگرافیا ببێتە رێگر لەبەردەم هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا گرنگیی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەماهەنگی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و بڕیارە دادوەرییەکان خرایەڕوو، بۆ ئەوەی داواکراوان نەتوانن سنوورە کارگێڕییەکان بقۆزنەوە بۆ هەڵاتن لە رێکارە یاساییەکان و وەک یەک تیم کار بۆ رادەستکردنیان بە دادگا بکرێت.
هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران و پارە دزراوەکان نییە، هەروەها هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەت بە بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ تەسککردنەوەی رێگەکانی هەڵاتن و گەڕاندنەوەی پارەکان بۆ گەنجینەی گشتی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان.
هەروەها باس لەوە کرا، تەواوکاریی رۆڵی چاودێری لە نێوان بەغدا و هەولێر متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، هاوکات پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە و هەمووان وەک یەک تیم کار دەکەن بۆ سەپاندنی یاسا و رێگریکردن لە دەربازبوونی گەندەڵکاران.
چەند رۆژی رابردوو شاندێکی باڵای دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەلی لامی سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.