راگەیەندراوی ئەمانەی بەغدا لەبارەی کوژرانی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرخ
ئەمانەی بەغدا رایگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەری کەرخ بە پلەی عەمید و پۆلیسێکی دیکە لە کاتی ئەرکێکی فەرمیدا بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لە ناوچەی دۆرە کوژران، هاوکات چەند کارمەندێکی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 2026، ئەمانەی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشێکی "تاوانکارانە" لە ناوچەی دۆرە لە باشووری پایتەختی عێراق، عەمید هیشام محەممەد تەڵاع، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا لە بەری کەرخ و پۆلیسێک بە ناوی خالید عەباس لەفتە کوژران.
هەر بەپێی بەیاننامەکە، لەو رووداوەدا 2 پۆلیسی دیکە و 2 کارمەندی فەرمانگەی سەر بە ئەمانەی بەغدا بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەمانەی بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کارمەندەکانیان لە کاتی ئەرکی فەرمی خۆیاندا بوون بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان، کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان.
ئەمانەی بەغدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و جەختی کردەوە کە بە ئامانجگرتنی تیمەکانی مەیدانی، هێرشە بۆ سەر هەوڵەکانی پاراستنی سیمای شارستانیی پایتەخت. راشیگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە سڵیان ناکاتەوە لە بەردەوامبوون لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی نەخشەی بنەڕەتیی شاری بەغدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەمانەی بەغدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و رایگەیاند، رێکاری یاسایی پێویست لە دژی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەگرنە بەر و بەپێی یاسا رووبەڕووی سزایان دەکەنەوە.
لەو بارەیەوە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، تا ئێستا حەوت کەس بە تۆمەتی تەقەکردن لە بەڕێوەبەری بەری کەرخی ئەمانەی بەغدا و کارمەندانی پۆلیسی ئەمانە دەستگیرکراون.