عەلی زەیدی: ئەم هێرشە ترسنۆکانە ناتوانن حکوومەت سارد بکەنەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی باشووری بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێوشوێنی توند بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران دەگرینە بەر و ئەم هێرشە ترسنۆکانە حکوومەت سارد ناکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لەبارەی رووداوەکەی بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکێکی فەرمیی لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا کوژران. ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کارمەندانە لە کاتی هاوکاریکردنی تیمە خزمەتگوزارییەکان بۆ لابردنی سەرپێچییەکان لە دەوروبەری ناوچەکانی دۆرە، کەرارە و گەڕەکی دیجلە کرانە ئامانجی گرووپە یاساشکێنەکان.
عەلی زەیدی راشیگەیاند، سەرەخۆشی لەگەڵی عێراق دەکەم بەهۆی کوژرانی عەمید هیشام محەمەد تەڵاع، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ و خالید عەباس لەفتە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان. دەشڵێت: چاودێریی دۆخی تەندروستیی ئەو بریندارانە دەکەین کە لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: فەرمانم بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە رێکارەکان توندتر بکەن، ناوچەی رووداوەکە گەمارۆ بدەن و هەرکەسێک تێوەگلابێت لەم کارە تاوانکارییەدا دەستگیر بکرێت و رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
جەختیشی کردەوە، ئەو هێرشانە حکوومەت لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و راوەدونانی ئەوانەی ئاسایشی نیشتمان تێکدەدەن سارد ناکاتەوە، هەروەها روونیکردەوە، بەرپەرچدانەوەی هەر کەسێک کە کارمەندانی دەوڵەت دەکاتە ئامانج یان هەوڵ دەدات شکۆی یاسا بشکێنێت، لە ئەولەویەتی کارەکانیانە و هیچ لێبوردەییەک لەو بارەیەوە نابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاب، لە ناوچەی دۆرەی بەغدا لەکاتی لابردنی زێدەڕۆکان لەلایەن شارەوانی، ئاڵۆزی لە نێوان چەند کەسێک و هێزە ئەمنییەکان روویدا، لەوبارەوە سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ لە بەغدا کوژراوە و ژمارەیەک پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا کردووە، سەر بە گرووپە چەکدارەکانە، ئاماژەی بەوەش دا، تەقەکەرەکە لەسەر بانەوە تەقەی کردووە.