پەرلەمانی ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت دەست بەسەر سەرچاوە نەوتییەکانی ناوچەکەدا بگرن

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناوچەکە دەدەن، بەڵام جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پیلانەکانیان پووچەڵ دەکاتەوە.

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتی سەردانیکردنی ئەسکەلەیەکی نەوتی لە دوورگەی 'خارگ' ڕایگەیاند "ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتدان، بەڵام گەلی ئێران بە ئیمان و پسپۆڕیی خۆیانەوە بەرەنگاری ئەم ئامانجانە دەبنەوە و پیلانەکانیان پووچەڵ دەکەنەوە."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە قەبارەی یەدەگی نەوتی هەندێک لە وڵاتان کرد و گوتی "یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا نزیکەی 296 ملیار بەرمیل، سعودییە نزیکەی 256 ملیار بەرمیل و ئێرانیش نزیکەی 206 ملیار بەرمیلە."

نیکزاد جەختیشی کردەوە، هۆکاری سەرەکیی گوشارەکان بۆ سەر ئەم وڵاتانە پەیوەندیی بە سامانی نەوتەوە هەیە، چونکە "دەستبەسەرداگرتنی ئەم سێ وڵاتە، بە مانای وەدەستخستنی بەشێکی بەرچاو لە یەدەگی نەوتی جیهان دێت."