عێراق و سعوودیە پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان تاوتوێ دەکەن
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی سعوودیە کۆبوونەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان و فراوانکردنی ئاستی هاوکارییە هەواڵگرییەکان.
پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق، لە بەغدا پێشوازییان لە شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی سعوودیە کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، ئەم کۆبوونەوەیە وەک تەواوکەری گفتوگۆ و دانوستانەکانی پێشووی ریاز و بەغدا لە پێناو بەردەوامبوونی هەماهەنگییە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوانیان دێت.
روونیش کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان و چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە دووقۆڵییەکان بکات.
هاوکات هەردوولا، جەختیان لەسەر پەرۆشیی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کاری ئەمنی، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵاتدا هەبێت.
ئەمەش کە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی ریازی کرد و لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە ئەنجام دا و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان کردبووەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و سەقامگیریی ناوچەکە دابین بکات.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی سعوودیە دووپاتی کردبووەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە لەگەڵ عێراقدا دەوەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و گەشەکردنی وڵاتەکە.
ئەم سەردان و کۆبوونەوانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئەمریکا و سعوودیە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامدا. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتەوە.
دواتر بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا و بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر سعوودیە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؛ بەڵام لەسەر داوای هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دواخست.