نەتەوە یەکگرتووەکان: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە سەقامگیریی بۆ سووریا دەگەڕێنێتەوە

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) و یەکگرتنەوەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا پەرەسەندنێکی ئەرێنییە و سەقامگیری و سەروەریی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا کردەوە و رایگەیاند "لەو باوەڕەدام، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەکگرتنەوەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا زۆر گرنگە، چونکە سووریا وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە و ئەو فرەیییەش خۆی لە خۆیدا دەوڵەمەندییە."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا، بەدیهێنانی یەکگرتوویی لە وڵاتێکدا بەندە بە داننان بە مافی پێکهاتەکاندا و گوتی "لەکاتێکدا دان بە مافی پێکهاتەکاندا بنرێت، وڵاتەکەش یەکگرتوو دەبێت. هەر بۆیە ئەم بڕیارە پەرەسەندنێکی ئەرێنییە و سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی سووریا بەهێز دەکات."

رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: ئەمڕۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین؛ دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی وڵات.»

فەرماندەی هەسەدە بە رێزەوە یادی قوربانیدانی شەهیدانی بەرز راگرت و ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕڤانان بۆ خودی شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو هاتنی رۆژێکدا بووە کە چیتر هیچ سوورییەک پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایک (زمانی کوردی) یەکێکە لە مافە بنەڕەتییە دەستەبەرکراوەکان، هەروەها هەوڵەکان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە ساڵی نوێدا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناخەکانی داهاتوو.