کۆشکی سپی: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ئێستا هیچ دانوستانێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ لە ئارادا نییە، هاوكات جەختی لەوە کردەوە، کە سەرجەم بژاردەکان هێشتا لەسەر مێزن.
پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، بە کەناڵی 'فۆکس نیوز'ـی راگەیاند: "ئامانجی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بریتییە لە رێگریکردن لە ئێران بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەم ئامانجەش وەک خۆی بە چەسپاوی دەمێنێتەوە."
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "ئێمە ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا'ـمان بۆ تێکشکاندنی سوپاکەی ئێران ئەنجام دا و، ئێستاش لە ناوەڕاستی پڕۆسەی تێکشکاندنی ئابوورییەکەیان داین."
سەبارەت بە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی دیپلۆماسی، کارۆلاین ئاشکرای کرد: ئێستا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە و ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ترەمپ تێبینیی ئەوە دەکات کە لایەنی ئێرانی ئامادەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی روون.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا سەرجەم بژاردەکانی پاراستووە و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانیش وەک خۆی بەردەوامە.
ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی لە کاتێکدا دێن کە واشنتن گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران توندتر کردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو: ئەو وڵاتانەی پەیوەندییە داراییەکانیان لەگەڵ ئێران نەپچڕێنن رووبەڕووی سزا دەبنەوە.