ئەڵمانیا.. مردن بەهۆی گەرما لە 16 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە
بەرزی پلەکانی گەرما، تەنگی بە کەرتی تەندروستیی ئەڵمانیا هەڵچنیوە و بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی 16 هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە. رێکخراوی ئەڵمانی بۆ پاراستنی ژینگەش رەخنە لە حکوومەتی وڵاتەکە دەگرێت لە ئاست پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە گەرما بە شکستخواردوو ناوی دەبات، هاوکات داوای هەمواری یاسای بودجەی گشتیی وڵاتەکە دەکات.
پەیمانگەی رۆبێرت کۆخ، کە دەستەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەڵمانیایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026 بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ ئەو شەپۆلە گەرمایە وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە، ئەڵمانیا پێوانەیەکی نوێی گیانلەدەستدانی ئەم هاوینەی تۆمار کردووە و زیاتر لە 15 هەزار و 800 کەس مردوون.
پەیمانگەکە ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرترین حاڵەتی مردن لەنێو بەساڵاچووانی سەروو 75 ساڵ بووە و کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوودا کاتێک پلەکانی گەرما لە ئەڵمانیا 40 پلەی سیلیزیان تێپەڕاند، بەرزترین ژمارەی مردن تۆمار کراوە، تەنیا لە یەک هەفتەدا نزیکەی 9 هەزار و 600 کەس بە گەرما مردوون.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی پەیمانگەکە، لە نێوان کۆتاییەکانی تەممووز و ناوەڕاستی ئابی رابردوودا، 4 هەزار حاڵەتی دیکەی مردن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە تۆمار کراون. بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەیمانگەیەی لە ساڵی 2018 ـەوە ئاماری وەها بەرزی مردن بەهۆی گەرماوە تۆمار نەکراوە، کە ژمارەکە 8 هەزار و 900 کەس بووە.
هەروەها بە گوێرەی ئامارە و توێژینەوەکانی پێشوو، دەرکەوتووە لە ساڵی 1994دا بەهۆی گەرمای هاوینەوە 10 هەزار کەس لە ئەڵمانیا مردوون.
بەرزی حاڵەکانی مردن بە هۆی گەرماوە بووەنەتە دوو دۆسیەی گرنگ لە لایەنی گۆڕانی کەشوهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ شەپۆلەکانی گەرما و لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەڵام بەتوانرا هیچ رێکار و بڕیارێکی بۆ ئەم دۆخە گەڵالە بکەن.
لای خۆیەوە راوێژکاریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی بەرزی پلەکانی گەرما و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە ئەستۆی حکوومەت دایە و بەنیازن تا 12 ساڵی داهاتوو، 100 ملیار یۆرۆ واتە (116 ملیار دۆلار) لە سندووقێکی تایبەت بۆ پاراستنی کەشوهەوا وەربگرن. ئەم قسەیەی مێرز لە کاتێکدایە پێشتر رەتیکردبووەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە گرفتی کەمی بودجەیان هەبێت.
هەروەها رێکخراوی ئەڵمانی بۆ پاراستنی ژینگە، حکوومەتی وڵاتەکە لە ئاستی پاراستنی ژیان و گیانی هاووڵاتیان لەم هاوینە بە کەمتەرخەم و خەمسار ناوبردووە و رایگەیاندووە، حکوومەت لە گرتنەبەری تەنانەت یەک رێکاریی کاریگەربۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە گەرما شکستی هێناوە. رێکخراوەکە داوای هەمواری یاسای بودجە دەکات، بۆ زیاتر هاوکاریی شارەوانییەکان و چاندنی دار و زیادکردنی رووبەری سەوازیی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی ماڵپەڕی worldometers، کە پشت بە تۆمارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت، کۆی گشتیی دانیشتووانی ئەڵمانیا 83,520,485 کەسە و رێژەی 1%ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها تەمەنی مامناوەند لە ئەڵمانیا بە 45 ساڵ دیاری کراوە، هاوکات کەسانی بەساڵاچووی تەمەن 75 ساڵ بەرەو سەروو رێژەی 10%ـی دانیشتووان و ئەوانەشی 65 ساڵن رێژەی 23.2% کۆی گشتیی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
هەروەها بە گوێرەی راپۆرتەکانی رووپێوی رووبەری سەوزایی لە جیهاندا، نزیکەی 70%ـی رووبەری شارە گەورەکانی ئەڵمانیا بە باخچە، پارک، دارستان و زەویی کشتوکاڵی سەوزپۆش بوون.