سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری بە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەرەوە راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026 لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونیان و کۆکردنەوەی زانیاریی لە 19ـی ئەم مانگە توانیویانە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن و دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانا بگرن، کە بەشێوەی شل لەنێو ئامێری ڤەیپ حەشاردرا بوو.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ماددە هۆشبەرەکانی دەستی بەسەر داگیراوە، لە دەرەوەی وڵات هێندراوەتە نێو هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ساخ بکرێنەوە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەیداوە، هەرسێ بازرگانە دەستگیرکراوەکە بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.


هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، مانگی رابردوو هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لەدوو چالاکی جیادا، لە سنووری شارەکەدا، یەکەمیان لە 18ـی تەممووز توانیان دەستبەسەر 25 هەزار دەنکە حەبی هۆشبەر و لە دووەم ئۆپەراسیۆندا لە 19ی هەمان مانگدا توانیان دەستبەسەر 21 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین (کریستاڵ) دا بگرن.
هاوکات لە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا چوار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکران و بە ماددەی 25ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رووبەڕووی یاسا کرانەوە.