پڕۆژەی دووسایدی وارماوا - دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت
لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی رێگەوبان، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی رێگەی (وارماوا - دەربەندیخان) بەچڕی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 27٪ی کارەکانی جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەی رێگەی وارماوا - دەربەندیخان یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، درێژییەکەی 31.6 کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێکی 8.5 مەتر دەبێت. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، رێگەی نێوان سلێمانی، دەربەندیخان، کەلار و کفری بەتەواوی دەبێتە دووساید، کە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ئاسانکاریی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
لە میانی جێبەجێکردنی کارەکانی پڕۆژەکەدا، تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن و 100 هەزار مەترسێجا کاری بڕین و 900 هەزار مەترسێجا کاری پڕکردنەوە ئەنجام دراوە.
هەروەها بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی رێگەکە و ئاسانکاریی هاتوچۆ، پڕۆژەکە چەندین پێکهاتەی ئەندازیاری لەخۆدەگرێت، لەوانە:
دروستکردنی 3 پردی کۆنکرێتیی دووساید.
دروستکردنی 16 ئاوبارەی گەورە و 44 ئاوبارەی بچووک.
بونیادنانی 600 مەتر دیواری ڕاگر بۆ پتەوکاریی زیاتری رێگەکە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو ئاسانیی هاتوچۆ، گەشەپێدانی ئابووری و سەلامەتیی گشتیدا، گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردن و دووسایدکردنی ڕێگەوبانەکان داوە و لە ئاواکردنەوەی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
لە مانگی ئابدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند زیاتر لە 5.3 تریلیۆن دیناری عێراقی (کە دەکاتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار) بۆ هەڵمەتە بەرفراوانەکەی ژێرخان تەرخان کراوە، کە پڕۆژەکانی هاوچەرخکردن و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ڕێگەوبانەکانیش دەگرێتەوە. حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بوژاندنەوەی ژێرخان، 1,271 پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری تەواو کراون و نزیکەی 5,940 کیلۆمەتر ڕێگەوبانیش قیرتاو کراون.