پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی بەغدا پێکدەهێنێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە دەرکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی، رێکارە حکومییەکانی پەیوەست بە ڕووداوە ئەمنییەکەی گەڕەکی دۆرەی بەغدای راگرت، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند ئەفسەر و کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ و، لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانیی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە پێکهێنا.

رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری پەرلەمانیی ژمارە 54ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد.

بە پێی بڕیارەکە، کە بە واژۆی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەرچووە؛ لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکەی گەڕەکی دۆرەی بەغدا و دیاریکردنی لایەنە کەمته‌رخەمەکان پێکهێنراوە.

هاوکات هەیبەت حەلبووسی بڕیاری داوە بە راگرتنی سەرجەم ڕێکار و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی لایەنە حکومییەکان لە بارەی ئەو ڕووداوەوە، تا ئەو کاتەی لیژنە پەرلەمانییەکە ئەنجامە کۆتاییەکان و راسپاردەکانی خۆی دەخاتە روو.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم دەزگا ئەمنی و جێبەجێکارەکان هاوکاریی تەواوی لیژنەکە بن و بەڵگەنامە پێویستەکانیان بخەنە بەردەست؛ ئەمەش بە ئامانجی چەسپاندنی یاسا و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوە ئەمنییە نەخوازراوانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە ناوچەی دۆرەی بەغدا، لەکاتی لابردنی زێدەڕۆکان لە لایەن شارەوانی، ئاڵۆزی لە نێوان چەند کەسێک و هێزە ئەمنییەکان رووی دا، کە بووەی هۆی کوژرانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدای بەری کەرخ لە بەغدا و برینداربوونی ژمارەیەک پۆلیسی دیکەش.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەو کەسەی تەقەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا کردووە، سەر بە گرووپە چەکدارەکانە.