زەیدی: گەندەڵی گەورەترین مەترسییە بۆ سەر وڵات
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، گەندەڵی مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر قەوارەی دەوڵەت. هاوکات رایگەیاند: حکوومەت لە شەڕێکی سەختدایە بۆ بنبڕکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی.
پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە تەها هاتفی دیفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی وڵاتەکە و ئەندامانی لیژنەکە کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەت لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی بونیات نراوە، کە بریتین لە: یاسا و دەستپاکی. ئاماژەی بەوەش کردووە، گەندەڵی گەورەترین مەترسییە کە ئێستا ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە، حکوومەت لە شەڕێکی سەختدایە بۆ بنبڕکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیشکی خستە سەر "گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، بە شێوازێک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دژەگەندەڵی و ڕاوەدووڕانانی ئەوانەی تێوەگلاون."
زەیدی روونی کردەوە، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، گەندەڵی لە زیادەڕۆیی لە خەمڵاندنی تێچووی پڕۆژەکانەوە دەست پێدەکات، بۆیە حکوومەت کار دەکات بۆ گرتنەبەری سیستمی وردبینیی پێشوەختە و پاشوەختە بۆ گرێبەستە حکومییەکان بە گوێرەی بنەمای 'خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر'، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەفیڕۆدان و پاراستنی سامانی گشتی."
هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەو رۆڵە کردەوە کە لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان دەیگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی دژەگەندەڵی، بەدواداچوونی دۆسیەکان و کۆتایهێنان بە دیاردە و هۆکارەکانی گەندەڵی."
لای خۆیانەوە، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان جەختیان لە "بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ هەوڵەکانی بنبڕکردنی گەندەڵی و راوەدووڕانانی گەندەڵکاران" کردەوە.