ترەمپ: دەرگای دانوستانمان بە رووی ئێراندا داخستووە
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت مووچەی سوپاکەی بدات، هاوکات پێداگریی کرد کە گەرووی هورمز لە ژێر چاودێریی چڕی واشنتندایە و رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی پێدا دەگوازرێتەوە.
پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و کۆمەڵێک لێدوانی توند و بڕیاری نوێی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاشکرا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: گەرووی هورمز ئێستا کراوەیە و بە تەواوی لە مین پاککراوەتەوە و، رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوتی پێدا دەگوازرێتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا چاودێریی هەموو شێنێکی گەرووی هورمز دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا، رووسیا لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی گەرووی هورمزدا زۆر بە باشی رەفتاری کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "نامانەوێت لەگەڵ ئێراندا قسە بکەین و هەوڵی سازدانی هیچ کۆبوونەوەیەکیش نادەین لەگەڵیاندا؛ بەڵام روونی کردەوە، ئەمە بەو واتایە نییە ئەمریکا دەستی لە بژاردەی سەربازی کێشابێتەوە.
ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئێران لە کێشەدایە و تووشی قەیرانێکی ئابووریی گەورە بووە و ئێستا ناتوانێت مووچەی سەربازەکانیشی دابین بکات.
سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دا بە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ئەوروپا و رایگەیاند: ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێرش ناکاتە سەر خاک و ناوچەکانی سەر بە هاوپەیمانیی ناتۆ.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر کەنەدا و گوتی: کەنەدا خراپترین وڵاتە کە لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، بۆیە باجی گومرگی گەورە بەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەسەپێنین.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کردووە بۆ گۆڕینی ناوی دەریاچەی "ئۆنتاریۆ" (کە دەریاچەیەکی هاوبەشە لە نێوان ئەمریکا و کەنەدا) بۆ "دەریاچەی ئەمریکا".