فەرهاد ئەترووشی: پەرلەمانی عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا کەشوهەوای نێو پەرلەمانی عێراق باشتر بووە و هەوڵ دراوە لایەنە کوردییەکان هاوبەش بن. جەختیشی کردەوە کە عێراق پێویستی بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە لەنێو پەرلەماندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت رایگەیاند "جگە لە کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عێراق لە ناوخۆشدا بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاری و کێشەی خزمەتگوزاری، مووچە، دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت، گرووپە لەیاسادەرچووەکان و ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بووەتەوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، کەشوهەوای نێو پەرلەمان بەراورد بە چەند مانگێک پێش ئێستا باشتر بووە و گوتی "هەوڵمان داوە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان سەرجەم لایەنە کوردییەکان بە هاوبەشی کار بپەڕێنین. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەن و هێزە سیاسییەکانی شیعە لە عێراق بەهێزتر ببن."
بارەی ئاریشەی سووتەمەنی، فەرهاد ئەترووشی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کرد و گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا بۆم ڕوونکردەوە کە دەبێت گرفتی بەنزین چارەسەر بێت؛ وەزیری نەوتیش وەڵامی ئەرێنی هەبوو و ڕایگەیاند پێویستە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببینەوە داوا بکارێت لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پێکبهێنرێت."
سەبارەت بە یاسا جەوهەرییەکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان روونی کردەوە، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە هەندێک یاسای گرنگ دەربکات، لەوانەش یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای دادگای ئیتحادی.
ئەترووشی جەختی کردەوە "ئێمە پێویستیمان بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە لەنێو پەرلەماندا؛ چونکە تاوەکو ئێستا پێنج هەزار بڕیاری (مەجلیسی قیادەی ثورە)ی سەر بە رژێمی پێشوو لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ وڵاتێکی فیدراڵیدا ناگونجێن."
گوتیشی "دەربڕینی یاسای نەوت و گاز لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت؛ چونکە تاوەکو ئێستا کار بە یاسایەک دەکرێت کە بۆ 40 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا 90٪ی داهاتی عێراق لە ڕێگەی نەوتەوە دابین دەکرێت."
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، فەرهاد ئەترووشی ئاشکرای کرد "پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدان؛ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت پشتگیریی زۆری حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن، چونکە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی عێراق لەم کێشە و گرفتانە دەرباز ببێت."