لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی شەڕەکەی لالەزار: گلەیی لەوانە ناکەم هێرشەكەیان کرد
لاهور شێخ جەنگی: دادوەرەکان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانم بەرامبەر خوێنی بەناحەق رژاوی گەنجەکانی لالەزار
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە یادی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووداوەکانی هوتێل لالەزار پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " گلەییم لەو دادوەرانە هەیە کە رێگەیان خۆشکرد بۆ سەرۆکی حزب و هێزی لە یاسادەرچوو، كە بتوانن بەناوی دادگاوە بە تانک و درۆن و زرێپۆش ئەو جینۆسایدە بکەن".
دوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر ساڵیادی رووداوەکانی لالەزار، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی بڵاوکراوەتەوە و نووسیویەتی "ساڵێك بەسەر ئەو هێرشە نامەردانەیەدا تێدەپەڕێت کە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کرایە سەر ماڵەکەم و بووە هۆی رژانی خوێنی چەندین لاوی کورد".
هەر لە پەیامەکەیدا، رەخنەی توند لە بەشێک لە دادوەران دەگرێت و دەڵێت " گلەیی لەوانە ناکەم کە هێرشەكەیان کرد، چونكە دەمێکە ویژدان و کەرامەتی خۆیان بەرامبەر گەل و نیشتیمان دۆڕاندووە، بۆیە چاوەڕێی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەم لێدەكردن. گلەییم لەو دادوەرانە هەیە کە رێگەیان خۆشکرد بۆ سەرۆکی حزب و هێزی لە یاسادەرچوو كە بتوانن بەناوی دادگاوە بە تانک و درۆن و زرێپۆش ئەو جینۆسایدە ئەنجامبدەن؛ هێرش و جینۆسایدەکەتان بەرامبەر کەسێک بوو کە هەرگیز لە یاسا راینەکردووە و بەرگریكاری سەروەری یاسا بووە".
هەر لە رەخنەکەیدا دەڵێت "بەداخەوە دادوەرەکان بەمەیشەوە نەوەستان، دوای ساڵێک مانەوەمان لە زیندان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی فەرمانی حزب و رێگرییان کرد لەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێین".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لاهور شێخ جەنگی نووسیویەتی "بۆیە لێرەبەدواوە دادوەرەکان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانم بەرامبەر خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو گەنجانە، وەبیریان دەهێنمەوە کە ئەوان سوێندی یاساییان خواردووە كە پارێزەری سەروەری یاسا بن و دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات بەیەک چاو سەیربکەن، بەڵام بەداخەوە وادیارە نایانەوێ بە سوێندخواردنەکەی خۆیانەوە پابەندبن، ئەگەر وابكەن ئەوە لە پێناو پۆست و پارە ویژدانی خۆیان فرۆشتووە، بەڵام دڵنیابن مێژوو ڕەحمتان پێ ناکات بەرامبەر ئەو خیانەتەی کە لەپیشەی خۆتان دەیکەن".
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، دوای گەمارۆدانی هوتێل لالەزار، شەڕێکی توند لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی رووی دا، لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریی، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. هەروەها لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.