گڕۆسی: دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشتوونەتە بنبەست

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوە دەکات، نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەو شوێنە ماوەتەوە کە لە کاتی جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی رابردوودا لێی بووە. 

رافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "کلارین"ی ئەرجەنتینی رایگەیاند، بەهۆی جەنگەوە گفتوگۆکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە راگیراون و گەیشتوونەتە بنبەست. 

گڕۆسی ئاماژەی بەوە داوە، نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەو شوێنە ماوەتەوە کە لە کاتی جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی رابردوودا لێی بووە. 

جەختیشی کردووەتەوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکان زیانی زۆریان بەر کەوتووە و ئەگەرچی بەڵگەی تەواو لەبەردەست نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئێران دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە ژێرخانە ئەتۆمییەکانی کردبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەشڵێت، تا ئەو کاتەی پرسی گەرووی هورمز و بابەتە سەرەکییەکان یەکلا نەبنەوە، بابەتی ئەتۆمی نابێتە کارێکی لەپێشینە.

هاوکات محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سەرەڕای گوشار و هێرشە سەربازییەکان، پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران لە ریزی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە.