کۆڕەک تیلیکۆم تانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 'فەرمانسالاری' دەدات
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی مافە یاساییەکانی، تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی "فەرمانسالاری" داوە و جەخت لە بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەشداربووانی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری بەشداربووانی کردووەتەوە کە کۆمپانیاکەیان، بە پشت بەستن بە دادپەروەریی دادوەریی عێراق و بۆ پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانی خۆی، مافی یاسایی خۆی بەکارهێناوە بۆ تانەدان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانسالاری.
لە راگەیەندراوەکەدا کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژەی بەوەش داوە "متمانەی تەواومان بە دادوەریی عێراق هەیە و بەڵێن دەدەین لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە بەشداربووانمان."
کۆڕەک تیلیکۆم لە کۆتاییدا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ متمانە و پشتیوانیی بەردەوامی بەشداربووانی دەربڕیوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی شێخ خاڵس بەرزنجی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە، گەیاندن و حوکمڕانی پەرلەمانیی, لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی " فەیسبووك" بڵاوی كردەوە پێشوازییان لە شاندێکی باڵای کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کردووە، گوێبیستی راپۆرت و روونکردنەوەکانی شاندی کۆمپانیای كۆڕەك بوون. پێداگریی تەواویان لەسەر گرنگی پاراستنی مافی یاسایی و دارایی بەشداربووانی ئەو تۆڕە كردووە، کە ژمارەیان حەوت ملیۆن بەشداربووە.
عەلی خاڵس بەرزنجی رایگەیاندووە، لەپێناو دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی بنەڕەتی و دادپەروەرانە گرەنتی پاراستنی مافی بەشداربووان و بەرژەوەندیی باڵای گشتی بکات، لیژنەکەیان بڕیاری داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنێکی تایبەت و فراوان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان رێک بخات. پاشان تەواوی بڕیار و راسپاردە فەرمییەکانیان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست.