موحسین رەزایی: متمانەمان بە ئەمریکا نییە و دەبێت مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن
تاران داوا لە واشنتن دەکات پێش کردنەوەی گەرووی هورمز مەرجەکانی جێبەجێ بکات
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، داوا لە ئەمریکا دەکات کە پێش هەر هەنگاوێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات.
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پێشوازیی لە محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر کرد.
بە پێی راگەیەنەراوی، نووسینگەی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، موحسین رەزایی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تاران متمانەی بە ئەمریکا نییە.
هەروەها رەزایی پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت ئەمریکا سەرجەم مەرجەکانی ئێران پێش کردنەوەی گەرووی هورمز جێبەجێ بکات و، هۆشداریشی داوە کە "ئەگەر ئەمریکا هەر جۆرە سەرکێشی و کارێک دژی ئێمە دەست پێبکات، کارەسات بەسەر بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانیدا دێت."
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" لە زاری رەزاییەوە بڵاوی کردەوە، "ئەگەر گەمارۆی دەریایی بەردەوام بێت، بە توندی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج".
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئابووریی دژی ئێرانی راگەیاندبوو و بە "دابڕان و گەمارۆیەکی بێپێشینە لە مێژوودا" وەسفی کردبوو، هاوکات داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتن کردبوو کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پەیوەندی بە ئەمریکاوە بکەن.