زەیدی و عەممار حەکیم جەخت لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، جەختیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستە سیاسییەکان و خێراکردنی پڕۆسەی تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکوومەت کردەوە بە ئامانجی بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتیی وڵات و ئەو ئاڵنگارییانەی لەم قۆناخەدا رووبەڕووی دەبنەوە تاوتوێ کران.

هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کردەوە لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و بەردەوامبوونی رێڕەوی چاکسازی و پلانەکانی گەشەپێدان لە وڵاتدا.

لە تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگاکان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی وەزاریی حکوومەت کرایەوە؛ بە شێوازێک کە رێگە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی کار و پلانە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت خۆش بکات و خواست و پێداویستییەکانی گەلی عێراق بهێنێتە دی.