جەزائیر؛ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاگرکەوتنەوە لە باکوور و رۆژهەڵاتی جەزائیر، 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 54ی دیکەش برینداربوون، حکوومەتی ئەو وڵاتەش سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.

تیمەکانی بەرگری شارستانی جەزائیر لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی 67 ئاگری چالاک کە لە 16 پارێزگای جیاوازی ئەو وڵاتە بڵاوبوونەتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تا کاتژمێر 8ی شەوی رابردوو، 153 ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان تۆمارکراون و تیمەکان تەنیا توانیویانە 85 ئاگر بکوژێننەوە.

سەعید سەیود، وەزیری ناوخۆی جەزائیر گیانلەدەستدانی 12 کەسی پشتڕاستکردەوە کە بەم شێوەیەیە: 5 کەس لە جیجیل، 4 کەس لە بیجایە و 3 کەس لە پارێزگای تیزی وزو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 54 کەس بەهۆی سووتانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و باری تەندروستی 6 برینداریان ناجێگیرە.

وەزارەتی ناوخۆ روونی کردەوە، پارێزگای جیجیل بە 17 ئاگر زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لە دوای ئەویش پارێزگاکانی تاریف و سکیکدە دێن کە لە هەر یەکێکیان 10 ئاگر بەردەوامە. لێکۆڵینەوەش بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکان دەستیپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیر لە رۆژی پێنجشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتدا راگەیاند. بەپێی بڕیارەکە، ئاڵای وڵاتەکە لەسەرجەم دامەزراوەکان داگیراوە و چالاکییە وەرزشی و فیستیڤاڵە نیشتمانییەکان بۆ کاتێکی نادیار راگیران.

هاوکات مانگی سووری جەزائیری رایگەیاند، سەرجەم تیمە فریاگوزارییەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و لۆجستی بەو خێزانانەی بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە لە ماڵەکانیان، ئاوارە بوون.