تورکیا ڤیزەی لەسەر دیپلۆماتکارانی سوریا هەڵگرت

لە هەنگاوێکی نوێدا بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تورکیا بڕیاری دا ڤیزە لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی سوریا هەڵبگرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئابی 2026، بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە بە ئیمزای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکەدا (Resmi Gazete) بڵاوکراوەتەوە، هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی سوریا بۆ هاتنیان بۆ ناو خاکی تورکیا لە وەرگرتنی ڤیزە دەبەخشرێن.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، دیپلۆماتکارانی سوریا لە کاتی دەستبەکاربوونیان لە ئەرکە فەرمییەکانیان لە تورکیا، پەڕینەوەی ترانزێت، هەروەها سەردانی گەشتیاری کە لە ماوەی 180 رۆژدا لە 90 رۆژ زیاتر نەبێت، بە بێ ڤیزە دەتوانن گەشت بۆ تورکیا بکەن.

ئەم رێکخستنە نوێیەی حکومەتی تورکیا بەپێی ماددەی 18 لە یاسای "بیانییەکان و پاراستنی نێودەوڵەتی"ی ئەو وڵاتە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە ئەوە هات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی راگەیاند و هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، وەزیری پەروەردەی سووریا بە بڕیارێکی فەرمی خوێندنی زمانی کوردی، وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکانی ئەو ناوچانەی کە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی تێدا نیشتەجێن، دەستەبەر دەکرێت و خوێندنی ئەم زمانە لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندندا دەبێت و وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆگرامی پەسندکراو هەژمار دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی رابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 164ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد، کە تێیدا موستەفا خەلیل عەبدی ناسراو بە (مەزڵووم عەبدی) وەک راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەدا دەستنیشان کراوە.