لاڤڕۆڤ: رووسیا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتایی ئاراستەی واشنتن نەکردووە
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سەردانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بۆ مۆسکۆ لە چوارچێوەی کاری ئاسایی هەواڵگریدا بووە، هاوکات رەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتایی ئاراستەی واشنتن کردبێت.
سێرگی لاڤڕۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (RBK) سەبارەت بە سەردانی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆ رایگەیاند، "من لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبووم، بەڵام وەک هەموو جیهان، لێرەش رێسایەک هەیە کە دەزگا هەواڵگرییەکان لەسەر بنەمای ئەو رێسایە مامەڵە دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە کارێکی نائاسایی نییە کە ئەو دەزگایانە لە بێدەنگیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن.
لاڤڕۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتایی نەداوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پشتگیریکردنی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکەکەی، بەڵام گوتی: "بەردەوام و بە شێوەیەکی رێکخراو لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا ئەم بابەتە دەورووژێنین."
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەی باسیان لە هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی مۆسکۆ دەکرد، گوتی: "نەخێر، هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن ئێمەوە نەبووە." روونیشیکردەوە کە مۆسکۆ تێبینی و داواکاریی دیپلۆماسی بۆ واشنتن دەنێرێت کاتێک زانیاری لەسەر پشتگیرییە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەگاتە دەستیان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
پێشتر جۆن راتکلیف لە 25ـی ئابدا سەردانی مۆسکۆی کردبوو. لەو بارەیەوە دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاندبوو، سەردانەکە پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانەوە هەبووە و ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئاگادار کراوەتەوە.
هاوکات سێرگی ناریشکین، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا ئاشکرای کرد، لەو کۆبوونەوانەدا تاوتوێی ئەو بابەتانە کراوە کە لە چوارچێوەی دەسەڵات و پسپۆڕی دەزگا هەواڵگرییەکاندایە.