براد کووپەر: هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز زیادی کردووە
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە پاککردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز لەو مینانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە چێندرابوون و ئێستا گەرووەکە بە رووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا کراوەیە.
رۆژی هەینی، 28ی ئابی 2026، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردەوە، وەرچەرخانێکی گەورەی لە ئاسایشی دەریایی ناوچەکە راگەیاند و گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا توانییان بەتەواوەتی ئەو مینە دەریاییانە بێکاریگەر بکەن کە لەلایەن ئێرانەوە لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا چێندرابوون."
کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان بەتەواوەتی لە مین پاککراونەتەوە و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان تێیاندا زیادی کردووە. راشیگەیاند کە پڕۆسەی پاککردنەوەی مینەکان لە چەند مانگی رابردوودا بە "بێدەنگی و وردی" و لە بارودۆخێکی مەترسیداردا ئەنجامدراوە.
بەگوتەی فەرماندەی سێنتکۆم، زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، کە بریتین لە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان و چاودێریکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران. ئاشکراشی کرد کە لە چەند مانگی رابردوودا یارمەتی تێپەڕبوونی 1,500 کەشتی بازرگانییان داوە کە نزیکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، براد کووپەر جەختی کردەوە کە گەمارۆی سەر ئێران بەردەوامە و لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە رێگری لە 75 کەشتی کراوە و ناچار بە گەڕانەوە کراون، تەنها رێگە بەو کەشتییانە دەدرێت لە گەرووەکە تێپەڕبن کە پێداویستی مرۆیی دەگوازنەوە.