پاشای نەرویج لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
کۆشکی شاهانەی نەرویج کۆچی دوایی پاشا هاراڵدی پێنجەمی دوای 35 ساڵ لە حوکمڕانی راگەیاند، بەوەش شازادە هاکۆنی جێنشین بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بوو بە پاشای نوێی وڵاتەکە.
رۆژی هەینی، 28ی ئابی 2026، کۆشکی شاهانەی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پاشا هاراڵدی پێنجەم، کاتژمێر 6:35ـی بەیانی، لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆسلۆ لە تەمەنی 89 ساڵیدا و دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.
دوای راگەیاندنی هەواڵەکە، ئاڵای وڵات لەسەر کۆشکی شاهانە لە ئۆسلۆ داگیرا و شازادە هاکۆنی تەمەن 53 ساڵ، وەک جێنشینی باوکی، دەسەڵاتەکانی وەک پاشای نوێی نەرویج گرتەدەست.
پاشا هاراڵد کە بەتەمەنترین پاشای ئەوروپا بوو، لە 17ـی ئابەوە بەهۆی نەخۆشیی "کەمخوێنیی شیکەرەوە" لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باری تەندروستی بەتەواوی تێکچوو و کۆشکی شاهانە دۆخەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کردبوو.
هاراڵدی پێنجەم لە ساڵی 1991ـەوە لەسەر تەختی پاشایەتی بوو. ئەو لە ماوەی 35 ساڵی حوکمڕانیدا وەک کەسایەتییەکی میانڕەو و کۆکەرەوەی گەلی نەرویج دەبینرا. هەرچەندە لە ساڵانی دواییدا بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند، بەڵام هەمیشە جەختی دەکردەوە کە سوێندی پاشایەتییەکەی پابەندبوونێکی هەتاهەتاییە و دەستبەرداری تەخت نابێت.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی، هاووڵاتیانی نەرویج لەبەردەم کۆشکی شاهانە کۆبوونەتەوە و بە دانانی گوڵ رێز لە یادی پاشا هاراڵد دەگرن، کە لە ناو وڵاتەکەیدا بە پاشایەکی "گەرموگوڕ و جێگیر" ناسرابوو.