لە سنووری رواندز هاووڵاتییەک لە کاتی راوەماسیدا خنکا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتییەکی گوندی کاولۆکان لە کاتی راوەماسی لە رووباری کاولۆکان خنکا.

ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئابی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کاتژمێر نۆی بەیانی تیمەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە هەبوونی رووداوێکی خنکان لە رووباری کاولۆکان.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 61 ساڵە و دانیشتووی گوندی کاولۆکانی سنووری رواندزە، بە مەبەستی راوەماسی سەردانی رووبارەکەی کردبوو.

کاروان میراودەلی گوتیشی، تەرمەکە لەلایەن تیمەکانیان دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە بۆ ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆرەان تەنیا ئەمساڵ 11 کەس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خنکاون.

ساڵانە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ناوچە جیاوازەکان بە پرۆشەر و تابڵۆی هۆشیاری گەشتیاران و هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە، لەوە دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی مەلەدەکردنی تێدا قەدەخەکراوە.